بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە دەرکردنی ڕاگەیێندراوێک بە بۆنەی ساڵوەگەری گەردەلوولی ئەقسا، ڕایگەیاند: ٨٦ ساڵە کە داگیرکردنی خاکی فەلەستین و پێشێلکردنی ئاشکرای مافی بنەمایی گەلی چەوساوەی ئەوێ بە تایبەت مافی چارەی خۆنووسی و ژیان، ڕۆح و دەروونی ئۆمەی ئیسلامی و هەموو خەڵکانی زامدار کردووە و ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکەی بە ئاراستەی ململانێیەکی هەمیشەییدا بردووە.
ڕاشیگەیاند: ڕژیمی داگیرکار و ئاپارتایدی زایۆنی چەندین دەیەیە بە داگیرکردنی خاکی فەلەستین، سیاسەتی کۆمەڵکوژی و ئاوارەیی سەپاندووە بە سەر خەڵکی فەلەستین و بێڕێزی بە ناوەندە پیرۆزەکان و ئەم کارەی بە پاڵپشتیی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لایەنگرانی ڕۆژئاوایی و بە تایبەت ئەمریکا ئەنجام داوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە درێژەدا جەختی کرد: هەڵمەتی بەرخۆدانی فەلەستین لە ساڵی ڕابردوودا (٧ی ئاکتەوبری ٢٠٢٣) لە ژێر ناوی گەردەلوولی ئەقسا خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی خەباتی ڕەوای گەلی فەلەستین لە دژی داگیرکاری و ستەمی ڕژیمی زایۆنی بوو.
هەروەها لەو ڕاگەیێندراوەدا هاتووە: کۆماری ئیسلامی ئێران کۆمەڵکوژیی ٥٢ هەزار مرۆڤی بێتاوان و برینداربوونی زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس و ئاوارەیی زیاتر لە ٢ ملیۆن فەلەستینی لە غەزە و سەپاندنی قاتی و برسییەتی بە سەر خەڵکی ئەو وڵاتە و هەروەها دەستدرێژیی بەردەوام بۆ سەر لوبنان و کۆمەڵکوژی و کۆچاندنی خەڵکی سفیلی ئەو وڵاتە بە توندترین شێوە ئیدانە دەکا و پێداگرە لە زەروورەتی وەستاندنی خێرای دەستدرێژییەکان و جەنایەتەکانی ڕژیمی زایۆنی دژی خەڵکی ناوچەکە.
Your Comment